کتێبستان · نووسەران

باڵندەکانی دەم با

عەتا نەهایی

لە ڕۆمانی باڵندەکانی دەم با، دوو بەسەرهات لە لایەن دوو گێڕەرەوە، شان‌به‌شان و هاوتای یه‌ک دەگێردرێنەوە؛ بەسەرهاتی یەکەم چیرۆکی کەسایەتی “میهرەبانە” کە لە لایەن گێڕەرەوەی ئەوەڵ دەگێڕدرێتەوە. بەسەرهاتی دوەم، داستانی کەسایەتی “فەرهادە” و میهرەبانی نووسەری نێو ڕۆمان دەیگێڕێتەوە. میهرەبان لە سەروبەندی شۆڕشی گەلانی ئێران چالاکێکی سیاسی کورد بووە. دوای ماوەیەک پاش سەرکەوتنی شۆڕش بە هۆی هەست بە مەترسی و ئەگەری گیران، ئاوارەی هەندەران دەبێت. بنەماڵە و هەروەها خۆشەویستەکەی(ئەفسانه) و ئەوینی چەندین ساڵەی بە جێ دەهێلێ و دەڕوا. چەندین ساڵ لە ئەورووپا دەمێنێتەوە، درێژە بە خوێندنی دەدات و دەبێتە نووسەر و بەرهەمەکانی لە هەندەران بڵاو دەکاتەوە. پاش ڕۆییشتنی، خۆشەویستەکەی بە ناچاری و نا بە دڵی دەبێتە هاوسەری کەسێکی‌تر. دڵپیسی و ئازاری هاوسەرەکەی بەرامبەر بە وی، ژیانی لێ تاڵ دەکا و ناچار دەبێ لێی جودا ببێتەوە. ئەفسانه کاتێک بە حوکمی دادگا سەرپەرشتی کچەکەی لێ دەسنرێت و ناتوانێت کچەکەی لە گەڵ خۆی بێنێ، تووشی خەم و خفەتێکی کوشندە دەبێت و نەک هەر ئەوین و خۆشەویستی بەڵکوو ژیانیشی دەدۆڕێت و دوای ماوەیەک دەمرێت (یان ئاوا کە لە خەوێکی خۆفناکی میهرەبان دووپات دەبێتەوە، ئاگر لە جەستەی خۆی بەردەدات و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ). میهرەبان دوای ساڵانێک و کاتێک هەست بە گۆڕانی بارودۆخی وڵات دەکات، دەگەرێتەوە تا بە وەبیرهێنانەوەی ڕابردووی، چرۆکێکی نوێ و لە ڕاستیدا ئاخرچیرۆکی بنووسێ. کەڵکەڵەی سەرەکی میهرەبان نووسینی ڕۆمانەکەیەتی. هەرچەندە زۆر جار لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دنەی دەدرێت کە هاوسەرگیری بکات و ژیانێکی ئاسایی هەڵبژێرێت، بەڵام مەترسی نەمانی مەجال و تووشبوون بە فەرامۆشی و لە بیرچوونەوەی بیرەوەریەکانی -کە هەوێنی ئەسڵی چیرۆکەکانیەتی- وای لێدەکا بەردەوام هەوڵی نووسین بدات تا وەکوو کەسایەتی ڕۆمانەکەی خۆی، فەرهاد، بەرهەمەکەی بە ناتەواوی نە‌هێڵێتەوە. لە ئاکامدا بە هۆی بیرەوەریە تاڵەکانی ڕابوردووی و هەست‌کردن بە قووڵایی ئەو تراژیدیایەی بە هۆی ئەوەوە، ژیانی ئەفسانەی دڵداری مەرگاوی کردوە، تووشی خەمۆکی و فەرامۆشی دەبێت و دەکەوێتە تەمتوومانی تەنیایێکی بێبنی مەرگ‌ئاساوە.