کتێبستان · نووسەران

رێنما بۆ فێربوونی زمانی عەرەبی

عەزیز پاڵانیانی

زمان گرنکترین ئامڕاز و هۆکارە بۆ لەیەکترگەیشتنی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، فێربوونی زمانیش لقێکە لە لقەکانی زمانەوانی کارەکی، و زۆر پێویستە تاکەکانی کۆمەڵگە خۆیان فێری زمان بکەن، بەتایبەتی فێربوونی زمانی دووەم. بۆ ئێمەی کورد گەرەکە پتر لە زمانێک بزانین، بەتایبەتی زمانە زیندووەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە زمانی وڵاتانی دەوروبەری خۆمان. زمانی عەرەبی ئەمڕۆکە یەکێکە لە زمانە زیندوو و گرنگەکان، بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد فێربوونی زمانی عەرەبی گەلێک گرنگە، لەبەرئەوەی ئێمە تا ئێستا لەپاڵ عێراقێکدا دەژین، کە زۆرینەی لە نەتەوەی عەرەبزمانن، لە هەمان کاتیشدا لە داهاتوودا کە جیا دەبینەوە و دەبینە وڵاتێکی سەربەخۆ، هاوسێیەکی عەرەبزمانمان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوا پەیامی خوای گەورە، کە بۆ تێکڕای خەڵکی ڕەوانە کراوە، بە زمانی عەرەبییە، بۆیە ئەمە وامان پێدەڵێت کە فێربوونی زمانی عەرەبی زۆر گرنگ و پێویستە. لەم ڕوانگەیەوە ئێمە ئەم کتێبەمان داناوە، کە سەرچاوەی سەرەکیمان کتێبێکە بە ناونیشانی (تعلیم اللغة العربیة لغیر الناطقین بها)، بەتایبەتی ئاخێوەری ئینگلیزی زمان، بۆیە ئێمە بەشی هەرە زۆری پڕگەکانی ئەم کتێبەمان وەرگرتووە، لەگەڵ چەند تەوەرەیەک و چەند بابەتێکی گرنگی تر، کە بۆ قسەپێکەری زمانی کوردی گرنگە.