کۆشکی باڵندە غەمگینەکان
کۆشکی باڵندە غەمگینەکان ڕۆمانێکی ڕۆماننووس و نووسەری جیهانیی بەناوبانگی کورد "بەختیار عەلی" کە بە زمانێکی هێمایی و لە دووتوێی شفرە و کۆددا دەپەرژێتە سەر ئەوینێکی ڕەمزاوی. چیرۆکەکە بە تێمی خۆشەویستی و ڕێباز و ئاقارەکانی، ژیان و تێڕوانین و جیهانبینی سێ ئەویندار دەگێڕێتەوە کە حەبیبەی وان هانیان دەدات بۆ گەیشتن بە ئەو دەبێ ببنە گەڕیدە و جیهان تەی بکەن و لەودا ئەو باڵندە نایابانە بهێننەوە کە لە ناو ئەنسکلۆپیدیا و کتێبخانەکەی خۆیدا هەیە. ئەو کتێبخانەی دڵدارەکەی ئەو سێ عاشقە واتا کارەکتێری "سەوسەن گوڵدانچی" هەموو ڕۆژێک لەوێدا بە دیدەی خەیاڵ بە دنیادا سەیر دەکا و باڵندەکانی ناو خەونەکانی تێدا دەبینێ. چەمکەکانی شەڕ و ئەوین و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دنیادا چەمکە کلیدی و گرینگەکانی ناو ڕۆمانەکەن. ئاوڕدانەوە بۆ شەڕی ئێران و عێراق، شەڕی کەنداو و دواتر شەڕی ناوخۆ و لەکۆتاییدا شەڕی ڕووخانی دیکتاتۆرییەتی سەدام بەشێکی گرینگی فەزای داستانی ڕۆمانەکەیە و دەربازبوونی ئەو سێ ئەویندارە لەو شەڕانە بەشێکی حیکمەتی مەعشووقەکەیانە... چەند ڕستەهەڵبژاردەیەک لە دیلۆگەکانی ڕۆمانی "کۆشکی باڵندە غەمگینەکان": "کتێب تەنیا زیندانە مرۆڤ لێی دەرناچێت" "لە وڵاتی ئێمەدا هەموو ڕۆژەکانی ترس، ڕۆژی گەورەی خەون و هەموو ڕۆژەکانی خەون، سەردەمی گەورەی ترسن" "ژن تاقە مەخلووقێکە دەتوانێت یان پیاو فێری فڕین بکات یا فڕینی لەبیر بەرێتەوە" "ترسناکترین بەڵایەک ڕوو بکاتە شارێک ئەوەیە خەڵکی بێلایەنی تێدا نەمێنێت. چوونکە سیاسەتی ڕاستەقینە هەمیشە بێلایەنەکان دەیکەن" "تاکە شتێک لێی ترساوم ئەوە بووە کە ڕۆحم لە جێگایەک و لەشم لە جێگایەکی دیکە بمرێت ئەوە ترسی هەرە گەورەی ژیانم بووە" "خۆشەویستی پاکییەکت دەداتێ بتوانی گوناهیتر بکەیت" "خۆشەویستی و ڕق لە کوێ بن مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوێ"